شاعیر: کامەران موکری
کتێب: ئاوات و ڕەنج
سەرناو: یادێک

یادێ وەکو شووشەی شکاو
لە دڵما ئەجوڵێ نەرم

بریسکەی خوێندێکی ڕژاو
ئەدا بەگیان کسپەی گەرم

***

بەیانی بوو مناڵی ورد
لە سەرتەختی سنگێکی ڕووت

لێیان نەنیشت ڕەنگی گۆگرد
کاتێ پەنجەی تاوان بزووت

***

گرمەی بۆمبا ژینی شێوان
سەمتووری پێکەنین شکا

لەگەڵ دەنگی شین و گریان
خوێنی ئارامی دڵ تکا

***

دیمەنی خوێناوی بەسام
دڵی مناڵانی داخ کرد

بەدەستی دوژمنی هیوام
گەلێ مناڵی ساوا مرد

***

ڕیزبن: سنگی ئێوەو تفەنگ
مل کەچ بوون بۆهێزی کوشتن

کوردینە بە ڕیز بەبێ دەنگ
وەرن بۆ بەردەمی مردن

***

یادێ وەکوو شیری ئاگر
ئەدا لە درەختی هەستم

یادێکی غەمگین و نەمر
چنگ ئەنێتە دڵی پەستم